ئاڵەکۆک

مەلا مارف کۆکەیی add_a_photo
مەلا مارف کۆکەیی دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
٩. ڕاپه‌ڕین بۆ عیلم و سه‌نعه‌ت
ئەی میللەتی مەزلووم و فەقیر و دەستەوەستان
بێ عیلم و مەعاریف وەکوو ئەتفالی دەبستان

ئەی بێ بەش و بێ بەهرە لە ئازادی و شادی
مەحرووم و دوواکەوتوو وەکوو کوێر و نقوستان

بۆ بێخەبەرن دەوری جەهالەت سپەری بوو
بێ نوورە چرای جامیعەیی بادەپەرستان

ئەم تەمبەڵی و غەفڵەت و ئەو خەوتنە تاکەی؟
عالەم هەموو بێدارە لە خەو، جوملە هەڵستان

زۆر عەیبە، گەلێک عارە کە ئەو قەومە نەجیبە
مەشهوور بە شەجاعەت هەموو وەک ڕۆستەمی دەستان

بێ حورمەت و مەحکووم و هەموو چاوەبەرەژێر بن
بۆ داخلی وو خاریجی وو پارەپەرستان

ئه‌م جه‌هل و نیفاق و حه‌سه‌د و بوغزه‌ هه‌تا که‌ی؟
ده‌خولێنه‌وه‌ تا که‌ی وه‌کوو دێوانه‌ وو مه‌ستان؟

بیشۆنه‌وه پێم چاکه به سابوونی سه‌داقه‌ت
ئه‌م چڵکی نیفاقه له ده‌م و چاو و له ده‌ستان

ئیقدام و قیامێکی بکەن مەوقیعی کارە
هەر بۆ مەیە تەنیا کە بەهار بۆتە زومستان

خاروخەسی زیللەت لە ڕەگ و ڕیشە دەرێنن
بیکەن بە گوڵ و گوڵشەن و گوڵزار و گوڵستان

هەر بۆ مەیە خوێنی جگەر و میحنەت و تاڵی
بۆ ئەجنەبییە نیعمەتی شەهد و شەکەرستان

ئەوڕۆکە لە فەن و هونەر و عیلم و سەنایع
هەر کوردە کە بێ بەهرەیە باقی هەموو وەستان

بڕوانه به نووری هونه‌ر و شه‌معی مه‌عارف
تاریکه‌شه‌ویش ڕه‌وشه‌نه بۆته‌ قه‌مه‌رستان

گوێ بگره له ڕادیۆ که به یه‌ک سانییه دێنێ
باس و خه‌به‌ری له‌نده‌ن و پاریس و له‌هیستان

بێ عیلمی سه‌به‌ب بوو که به‌خۆڕایی له‌ده‌س چوو
میسر و حه‌به‌ش و شام و عێراق و عه‌ڕه‌بستان

ئینسافه ئیتر به‌سیه به‌ ئه‌م جه‌هل و نیفاقه
دنیات که نه‌ما دینه‌که‌شت ڕۆیی له ده‌ستان

شاعیر وه‌ره‌ قوربانی قه‌ریحه‌ و قه‌ڵه‌مت بم
بینووسه له‌بۆ ئاکره‌ و ئامێد و لوڕستان

باوه‌ندی و سه‌نجابی و ئافاقی جنووبی
بۆ کوردی په‌ڕاکنده له گه‌رمێن و له کوێستان

بۆ میلله‌تی بێچاره‌یی بێ ساحه‌ب و سه‌ردار
به‌خسووس ته‌به‌قه‌ی کوردی عێراق و عه‌جه‌مستان

بۆ ئاتییه فکرێکی بکه‌ن فرسه‌ته ئه‌مڕۆ
تاکه‌ی ده‌بنه چاوله‌به‌ر و ئاله‌تی ده‌ستان

کوردینه وه‌رن ڕاپه‌ڕین، هیممه‌تێ بگرین
هه‌رکه‌س هه‌یه با بێت و نه‌مێنێته‌وه که‌ستان

وا تێ ئه‌گه‌م و دێ به‌ قه‌ریحه‌ و قه‌ڵه‌ممدا
ته‌نیا ئه‌وه‌ بێنێته‌ ده‌می کورده‌وه‌ پرستان
گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit