شاعیر: مەلا مارف کۆکەیی کتێب: دیوانی مەلا مارف کۆکەیی سەرناو: ڕاپه‌ڕین بۆ عیلم و سه‌نعه‌ت سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی میللەتی مەزلووم و فەقیر و دەستەوەستان بێ عیلم و مەعاریف وەکوو ئەتفالی دەبستان ئەی بێ بەش و بێ بەهرە لە ئازادی و شادی مەحرووم و دوواکەوتوو وەکوو کوێر و نقوستان بۆ بێخەبەرن دەوری جەهالەت سپەری بوو بێ نوورە چرای جامیعەیی بادەپەرستان ئەم تەمبەڵی و غەفڵەت و ئەو خەوتنە تاکەی؟ عالەم هەموو بێدارە لە خەو، جوملە هەڵستان زۆر عەیبە، گەلێک عارە کە ئەو قەومە نەجیبە مەشهوور بە شەجاعەت هەموو وەک ڕۆستەمی دەستان بێ حورمەت و مەحکووم و هەموو چاوەبەرەژێر بن بۆ داخلی وو خاریجی وو پارەپەرستان ئه‌م جه‌هل و نیفاق و حه‌سه‌د و بوغزه‌ هه‌تا که‌ی؟ ده‌خولێنه‌وه‌ تا که‌ی وه‌کوو دێوانه‌ وو مه‌ستان؟ بیشۆنه‌وه پێم چاکه به سابوونی سه‌داقه‌ت ئه‌م چڵکی نیفاقه له ده‌م و چاو و له ده‌ستان ئیقدام و قیامێکی بکەن مەوقیعی کارە هەر بۆ مەیە تەنیا کە بەهار بۆتە زومستان خاروخەسی زیللەت لە ڕەگ و ڕیشە دەرێنن بیکەن بە گوڵ و گوڵشەن و گوڵزار و گوڵستان هەر بۆ مەیە خوێنی جگەر و میحنەت و تاڵی بۆ ئەجنەبییە نیعمەتی شەهد و شەکەرستان ئەوڕۆکە لە فەن و هونەر و عیلم و سەنایع هەر کوردە کە بێ بەهرەیە باقی هەموو وەستان بڕوانه به نووری هونه‌ر و شه‌معی مه‌عارف تاریکه‌شه‌ویش ڕه‌وشه‌نه بۆته‌ قه‌مه‌رستان گوێ بگره له ڕادیۆ که به یه‌ک سانییه دێنێ باس و خه‌به‌ری له‌نده‌ن و پاریس و له‌هیستان بێ عیلمی سه‌به‌ب بوو که به‌خۆڕایی له‌ده‌س چوو میسر و حه‌به‌ش و شام و عێراق و عه‌ڕه‌بستان ئینسافه ئیتر به‌سیه به‌ ئه‌م جه‌هل و نیفاقه دنیات که نه‌ما دینه‌که‌شت ڕۆیی له ده‌ستان شاعیر وه‌ره‌ قوربانی قه‌ریحه‌ و قه‌ڵه‌مت بم بینووسه له‌بۆ ئاکره‌ و ئامێد و لوڕستان باوه‌ندی و سه‌نجابی و ئافاقی جنووبی بۆ کوردی په‌ڕاکنده له گه‌رمێن و له کوێستان بۆ میلله‌تی بێچاره‌یی بێ ساحه‌ب و سه‌ردار به‌خسووس ته‌به‌قه‌ی کوردی عێراق و عه‌جه‌مستان بۆ ئاتییه فکرێکی بکه‌ن فرسه‌ته ئه‌مڕۆ تاکه‌ی ده‌بنه چاوله‌به‌ر و ئاله‌تی ده‌ستان کوردینه وه‌رن ڕاپه‌ڕین، هیممه‌تێ بگرین هه‌رکه‌س هه‌یه با بێت و نه‌مێنێته‌وه که‌ستان وا تێ ئه‌گه‌م و دێ به‌ قه‌ریحه‌ و قه‌ڵه‌ممدا ته‌نیا ئه‌وه‌ بێنێته‌ ده‌می کورده‌وه‌ پرستان ++++++++++++++++++++++