ئاڵەکۆک

مەلا مارف کۆکەیی add_a_photo
مەلا مارف کۆکەیی دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
٢٠. مەلا مارفی کوکی ناو بانگی حاجی ئێلخانی...
مەلا مارفی کوکی، ناو بانگی «حاجی ئێلخانی» بیستبوو، تا ئەو وەختە نەیدیبوو، هەڵئەستێ ئەچێ بۆ لای داوای شتێکی لێ بکا بۆ ئەو زستانەی ماڵ و منداڵەکەی. کە ئەڕوا بە ڕێکەوت حاجی ئێلخانی چووبووە دەرەوە بۆ ڕاو، جلی ڕاوی لە بەرا ئەبێ و بە تاقە سوارە تووشی مەلا مارف ئەبێ، مەلاش بارگیرە کەرێکی هەبوو، سوار ببوو، لێی ئەپرسێ: ها مەلا ئۆغر بێ؟ ئەڵێ: بە خوا ئەوی ڕاستی بێ ئیمساڵ منداڵەکانم هیچیان نییە، ئەچم بۆ لای حاجی ئێلخانی بزانم شتێکم ناداتێ بۆ ئەم زستانەمان.

حاجی ئێلخانی، ئەزانێ کە مەلا نایناسێ ئەڵێ: تەمای چەندت پێیە کە بتداتێ؟ ئەڵێ: سەد تمەنێک ئینجا بەشم ئەکا. ئەڵێ ئەگەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: پەنجا تمەن. ئەڵێ ئەگەر دیسان ئەوەشی بەلاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: ئەگەر هەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: دە تمەن. ئەڵێ ئەگەر دیسان ئەوەشی بەلاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: چوار پەلی بارگیرە قۆڕەکەم ئەکەم بە کوزی دایکیا و ئەگەڕێمەوە، چی لێ ئەکەم. حاجی ئێلخانی پێی پێئەکەنێ و ئەڵێ بڕۆ خوات لەگەڵ. تا مەلا بە بارگیرە شەلەوە ئەگاتە ئاوایی و ئەچێتە دیوەخان، حاجی ئێلخانی خۆی و سوارەکان ئەگەڕێتەوە لە دیوەخان دائەنیشێ، مەلا ئەکا بە ژوورا، مەلا چاویشی کز ئەبێ، حاجیش جلی ڕاوی داکەندبوو و مەلا نەیناسییەوە.

لە پاش چاکی و چۆنی لێی ئەپرسی: ها مەلا خێرە وا تەشریفت هێناوە؟ ئەڵێ: وەڵا حاجی بەگ، ئیمساڵ زۆر پەرێشانین، خێزانێکی زۆرم بۆ نەگبەتی بە ڕیشەوە بووە، نە نان هەیە و نە بەرگ، هاتوومەتە خزمەتت چارێکمان بکەی بۆ ئەم زستانە. حاجی ئێلخانی ئەڵێ: مەلا چەندە بەشت ئەکا؟ ئەڵێ قوربان سەد تمەن. ئینجا حاجی ئێلخانی ئەڵێ: مەلا زۆرە. ئەڵێ: با پەنجا تمەن بێ. ئەڵێ: ئەوەش هەر زۆرە. ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: فڵانی هەر زۆرە. ئەڵێ: بە قوربان لە دە تمەن کەمترم ناوێ. حاجی ئێڵخانی پێئەکەنێ. مەلا ئینجا تێ ئەگا چ باسە، کە ئەمە حاجی ئێڵخانی خۆی بووە تووشی بووە. ئەڵێ: قوربان ئەگەر دە تمەنەکەم نەدەیتێ بارگیرەکەم لە دەرەوە بەستراوەتەوە! حاجی ئێڵخانی بە تەواوی لەبەر پێکەنین شپرزە ئەبێ.

ئینجا بانگی پیاوەکەی ئەکا ئەڵێ: کوڕە بچۆ سەد تمەن و پەنجا تمەن و بیست و پێنج تمەن و دە تمەن بدە بە مەلا با بارگیرەکەی لە شوێنی خۆی بێ!

عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری، بەرگی ٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit