شاعیر: مەلا مارف کۆکەیی کتێب: دیوانی مەلا مارف کۆکەیی سەرناو: مەلا مارفی کوکی ناو بانگی حاجی ئێلخانی... سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مەلا مارفی کوکی، ناو بانگی «حاجی ئێلخانی» بیستبوو، تا ئەو وەختە نەیدیبوو، هەڵئەستێ ئەچێ بۆ لای داوای شتێکی لێ بکا بۆ ئەو زستانەی ماڵ و منداڵەکەی. کە ئەڕوا بە ڕێکەوت حاجی ئێلخانی چووبووە دەرەوە بۆ ڕاو، جلی ڕاوی لە بەرا ئەبێ و بە تاقە سوارە تووشی مەلا مارف ئەبێ، مەلاش بارگیرە کەرێکی هەبوو، سوار ببوو، لێی ئەپرسێ: ها مەلا ئۆغر بێ؟ ئەڵێ: بە خوا ئەوی ڕاستی بێ ئیمساڵ منداڵەکانم هیچیان نییە، ئەچم بۆ لای حاجی ئێلخانی بزانم شتێکم ناداتێ بۆ ئەم زستانەمان. حاجی ئێلخانی، ئەزانێ کە مەلا نایناسێ ئەڵێ: تەمای چەندت پێیە کە بتداتێ؟ ئەڵێ: سەد تمەنێک ئینجا بەشم ئەکا. ئەڵێ ئەگەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: پەنجا تمەن. ئەڵێ ئەگەر دیسان ئەوەشی بەلاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: ئەگەر هەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: دە تمەن. ئەڵێ ئەگەر دیسان ئەوەشی بەلاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: چوار پەلی بارگیرە قۆڕەکەم ئەکەم بە کوزی دایکیا و ئەگەڕێمەوە، چی لێ ئەکەم. حاجی ئێلخانی پێی پێئەکەنێ و ئەڵێ بڕۆ خوات لەگەڵ. تا مەلا بە بارگیرە شەلەوە ئەگاتە ئاوایی و ئەچێتە دیوەخان، حاجی ئێلخانی خۆی و سوارەکان ئەگەڕێتەوە لە دیوەخان دائەنیشێ، مەلا ئەکا بە ژوورا، مەلا چاویشی کز ئەبێ، حاجیش جلی ڕاوی داکەندبوو و مەلا نەیناسییەوە. لە پاش چاکی و چۆنی لێی ئەپرسی: ها مەلا خێرە وا تەشریفت هێناوە؟ ئەڵێ: وەڵا حاجی بەگ، ئیمساڵ زۆر پەرێشانین، خێزانێکی زۆرم بۆ نەگبەتی بە ڕیشەوە بووە، نە نان هەیە و نە بەرگ، هاتوومەتە خزمەتت چارێکمان بکەی بۆ ئەم زستانە. حاجی ئێلخانی ئەڵێ: مەلا چەندە بەشت ئەکا؟ ئەڵێ قوربان سەد تمەن. ئینجا حاجی ئێلخانی ئەڵێ: مەلا زۆرە. ئەڵێ: با پەنجا تمەن بێ. ئەڵێ: ئەوەش هەر زۆرە. ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: فڵانی هەر زۆرە. ئەڵێ: بە قوربان لە دە تمەن کەمترم ناوێ. حاجی ئێڵخانی پێئەکەنێ. مەلا ئینجا تێ ئەگا چ باسە، کە ئەمە حاجی ئێڵخانی خۆی بووە تووشی بووە. ئەڵێ: قوربان ئەگەر دە تمەنەکەم نەدەیتێ بارگیرەکەم لە دەرەوە بەستراوەتەوە! حاجی ئێڵخانی بە تەواوی لەبەر پێکەنین شپرزە ئەبێ. ئینجا بانگی پیاوەکەی ئەکا ئەڵێ: کوڕە بچۆ سەد تمەن و پەنجا تمەن و بیست و پێنج تمەن و دە تمەن بدە بە مەلا با بارگیرەکەی لە شوێنی خۆی بێ! عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری، بەرگی ٢. ++++++++++++++++++++++