ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کەوێڵێکی داوێنی چیا،
ترپەترپی بەئاستەمی نمەی باران،
ئاگردانێک،
قرچوهۆڕی چیلکە و داران،
تاقچکەیەکی پڕ کتێب،
زارۆیەکی خەپەتۆڵەی ئاگرپارە،

ئازیزێکی زەردئەسمەری
کەزی و بسک تا کەمەری
گوێ بە گوارە

ملە قوتەی تەنکەخەمێک،
هاژەهاژی لەدوورەوەی
لێڕێک، چەمێک،

کترییەک چای بە دووکەڵی
چڕ دەمکراو،
کۆتکەدۆیەکی کوندەڵان،
دووسێ نانی گەرمی تیری،
یەک بەرچنەی پڕ هەنار و
ترێی بۆنخۆشی ڕەشمیری!

بزڕکاندن: قسەپەڕاندن، وڕێنەکردن.
کەوێڵ: کوختە، کۆخ، زنج، خانووچکەی یەکچاوە (بەتایبەت لەناو ڕەز و باخدا)
خەپەتۆڵە: مناڵ یا بێچووی گیانداری گۆشتن و خڕکەڵە.
ملەقوتە: سەرەتاتکێکردن
لێڕ: دارستان، لێڕەوار، مێشە
ڕەشمیری: جۆرە ترێیەکی ڕەشی تام و بۆنخۆشە.
(١٩٩٢/٧/١٩ - ڕووسیا - گوندی شوکینە)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit