ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
لەم و لەوت زۆر پرسیوە،
ئەم ئازادییەم لە کوێ بوو!
تۆ مەراقتە لەوە بگەی،
زمانێکی ڕووت و بێکەس،
گەڵاگۆشتێک...
نەرم و نیان، بێ فریاڕەس،
چۆن تا ئێستا
پەردەی کۆشکی فیرعەونانی ھەڵدڕیوە؛
چۆن، بێپەروا،
بە تەلبەند و دڕکەڵانی سنووراندا تێپەڕیوە؛
کام تەخت و تاج بۆی پشتەکە،
کام گیرفان ناوکی بڕیوە!
***
مەراق مەخۆ!
با پێت بڵێم:
کە من ھەردەم
قاسەی لاتیم پڕاوپڕ بێ،
کە من کۆشک و باڵەخانەی بێلانەییم
ھەوربڕ بێ،
کە ھەمیشە،
چوار وەرزی ساڵ،
ھەر ئاودار و بزمارکوت بن
ھێشووەکانی ڕەزی خەمم -
چۆن ئازادی ڕووم تێ ناکا،
نایێ و نابێ بە ھاودەمم؟ !
٢٥⁄١١⁄٢٠١١ - ھێلسنکی
لاپەڕەی ١٤٦,١٤٧,١٤٨
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit