ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دووسێ باڵەخانەی تەژە،
چەند ئوتێلێكی بەرزەفڕ،
دووسێ مۆڵ و ماكەرسیتی،
چەند وەنەوشە و كەدیلاک و مۆنیكایەک، ١
چەند قومارگەی چراخان و
چەند مەساژگەی بنزگشێل و
چەند مەلهایەک،
دووسێ دەرزن فێستیڤال و
چەند زنجیرە كۆنفرانسێک،
چەند چاوەشێكی دەستیدوو،
گەڕێک شایی، سووكە دانسێک...
- چیتر ماوە؟
مووچە نەبڕێ لە بەغداوە!
- چیتر ماوە؟
هەر ئەمانە و
دوای هەڵدانی چەند پێكێك مەی،
كوردستانتان بۆ دەكەمە شاری دوبەی!

١. وەنەوشە و کەدیلاک و مۆنیکا: سێ مارکەی ئۆتۆی گرانبەهان، کە زۆربەیان مافیای بەرەبابەکانیان پێ دەناسرێتەوە.
٢٢/١١/٢٠١١ تالین- ڕیگا
لاپەڕەی ١٤٤,١٤٥
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit