ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور
١١٢. بۆ شاعیرێکی عەڕەب، بۆ سەعدی یووسف
بانگت دەکەم
لە سەد ساڵەی داهاتوودا میوانم بیت.
ئەوسا ئێمە،
تۆش و منیش،
لە هەڕەتی لاوی دەبین،
چاومان وەکوو گلارەترێی
شەونەمگرتووی خۆشناوەتی بریسکەدار،
قژمان چڕ و ڕەنگسوورمەیی،
هەناسەمان وەکوو قاەوی یەمەن بۆندار.
ئەوسا ئێمە
تۆش و منیش،
لە هەڕەتی لاوت دەبین،
هۆنراوەمان
وەکوو ئاوی دیجلە و فورات دەگوڕێنێ،
هەر پەیڤێکمان
پێلێک دەدا و
قەتارەیەک قاز و قورینگ هەڵدەفڕێنێ.
ئەو ڕۆژەی دێی،
لە دوورەوە
گوێم لە حیلە و هانکەهانکی
هەسپە حودوودەکەت دەبێ،
چڵێک نێرگز بە دەستەوە،
بە پیرتەوە دێم و دەچین...
لەبن دارێک چوارەمێردەکی دادەنیشین،
بۆ تینوێتی شکاندمان
لوێچێک ئاوی کانی بەسە،
ئاوی کانیی ڕوونتر لە نوور.
بۆ تێربوونیش
هەر لە جێوە دەست هەڵدەبڕین
بۆ هەنارێک، یا سێوێکی مزر و لاسوور.
ئیدی نە تۆ،
وەک شەوەکەی ترابلۆسمان،
بە ناو دەریای پێکێک مەیدا،
بەرەو بەسەرە دەکەوینە سەوڵژەنین،
نە من لەناو پێچ و خول دووی سیگاردا
پرزەم دەبڕێ دەبڕێ خەیاڵاتی ئاڵاچنین.
ئەوسا ئێمە،
تۆش و منیش،
لە هەڕەتی لاوی دەبین،
بۆ هەر لایەک سەر هەڵبڕین
بەهەشتێکمان دێتە بەر چاو
بە قریوەی زارۆیان و
ئاسمانێکی
بە وەنەوشە و گوڵەهێرۆی سپی خەمڵیو
هەرگیز چاومان لێی تێر نابێ،
پەلە ناکەین
بچینەوە بەهەشتەکەی دنیای ئەو دیو!

* ئـەم هۆنراوەیە لە سەرتادا چەند دێڕێک بوو، لە ترابلوس نووسرا و لە بەهاری ١٩٩٢ دا لە کۆڕی هەولێر خوێندرایەوە، بەڵام هێندێک هزر و ڕامان، هەروا، تەوژمی دڵەکوتێ دەربارەی پاشەڕۆژی کوردستان وازیان لێم نەهێنا، تا لە زستانی ٢٠١٨دا سەرلەنوێ دامڕشتەوە و بڕیارم دا ئازادی بکەم!
٢٠١٨
لاپەڕەی ٢٧١,٢٧٢,٢٧٣,٢٧٤,٢٧٥
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit