ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
نەخێر، کەرکووک (قودس) نییە،
تا سەدان ساڵ
جەرگەی شەڕی
نەوەی چەندین پێغەمبەر بێ.
'دڵ' یش نییە١
تا ڕۆژناڕۆژ، وەک شەرەفتان،
سەکتە لێی دات و پەنچەر بێ.
هەر مەشخەڵێک
لە هەناوی کەرکووکەوە بازرە بکا
تیشکی هەنیەی پۆلێک موغی دەوری گڕە.
چیای حەمرینش،
هەر بستێکی
لانەی 'ڕیشە' و 'لەیلا' یەکی بەرزەفڕە٢
وەک دەورانی پێش تۆفانی شمشێر و تیر،
هەر بەسامە، مەند و کڕە.
لەسەر زەوی تەختی بکەن،
لەبن زەوی هاوڕەگی بەمۆ ئەزمەڕە.

***
ئیتر بەسە،
تەرەسێنە ئیتر بەسە!
مەودای نێوان
ئەم هەرەس ئەو هەرەستان پڕ هەرەسە.

ئیتر بەسە،
فسخواردنتان بۆتە گاڵتە،
هەڵاتن و تەقوەڕەوتان
شاپشاپێن و سێجڕتییە، بۆ هەوەسە!

ئیتر بەسە
کارخانەچی و سالۆسینە، ئیتر بەسە،
چیدی کەرکووک گاز و نەوت و بۆڕی نییە،
سەرقەتارە، ڕچەشکێنە، فریاڕەسە.

ئیتر بەسە،
کوردپسێن و
کەرخەسێن و
دەییووسینە،
ئیتر بەسە!
هەر گردێکی کەرکووکی من
بەردەڕەشی کەعبەیکی موقەددەسە.
ئیتر بەسە!

١. قودس و دڵ: تەماشای تێبینیی لاپەڕەی١٧٩ی ئەم دیوانە بکە.
٢. ڕیشە و لەیلا: هەر دوو شەهید مامەڕیشە و لەیلا قاسم
مارتی٢٠١٨-هێلسنکی
لاپەڕەی٢٦٧,٢٦٨,٢٦٩,٢٧٠
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit