شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: ئیتر بەسە سەبارەت: مارتی٢٠١٨-هێلسنکی - لاپەڕەی٢٦٧,٢٦٨,٢٦٩,٢٧٠ - نووسین: خالید قادری نەخێر، کەرکووک (قودس) نییە، تا سەدان ساڵ جەرگەی شەڕی نەوەی چەندین پێغەمبەر بێ. 'دڵ' یش نییە١ تا ڕۆژناڕۆژ، وەک شەرەفتان، سەکتە لێی دات و پەنچەر بێ. هەر مەشخەڵێک لە هەناوی کەرکووکەوە بازرە بکا تیشکی هەنیەی پۆلێک موغی دەوری گڕە. چیای حەمرینش، هەر بستێکی لانەی 'ڕیشە' و 'لەیلا' یەکی بەرزەفڕە٢ وەک دەورانی پێش تۆفانی شمشێر و تیر، هەر بەسامە، مەند و کڕە. لەسەر زەوی تەختی بکەن، لەبن زەوی هاوڕەگی بەمۆ ئەزمەڕە. *** ئیتر بەسە، تەرەسێنە ئیتر بەسە! مەودای نێوان ئەم هەرەس ئەو هەرەستان پڕ هەرەسە. ئیتر بەسە، فسخواردنتان بۆتە گاڵتە، هەڵاتن و تەقوەڕەوتان شاپشاپێن و سێجڕتییە، بۆ هەوەسە! ئیتر بەسە کارخانەچی و سالۆسینە، ئیتر بەسە، چیدی کەرکووک گاز و نەوت و بۆڕی نییە، سەرقەتارە، ڕچەشکێنە، فریاڕەسە. ئیتر بەسە، کوردپسێن و کەرخەسێن و دەییووسینە، ئیتر بەسە! هەر گردێکی کەرکووکی من بەردەڕەشی کەعبەیکی موقەددەسە. ئیتر بەسە! ١. قودس و دڵ: تەماشای تێبینیی لاپەڕەی١٧٩ی ئەم دیوانە بکە. ٢. ڕیشە و لەیلا: هەر دوو شەهید مامەڕیشە و لەیلا قاسم ++++++++++++++++++++++