شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: بۆ شاعیرێکی عەڕەب، بۆ سەعدی یووسف سەبارەت: ٢٠١٨ - لاپەڕەی ٢٧١,٢٧٢,٢٧٣,٢٧٤,٢٧٥ - نووسین: خالید قادری بانگت دەکەم لە سەد ساڵەی داهاتوودا میوانم بیت. ئەوسا ئێمە، تۆش و منیش، لە هەڕەتی لاوی دەبین، چاومان وەکوو گلارەترێی شەونەمگرتووی خۆشناوەتی بریسکەدار، قژمان چڕ و ڕەنگسوورمەیی، هەناسەمان وەکوو قاەوی یەمەن بۆندار. ئەوسا ئێمە تۆش و منیش، لە هەڕەتی لاوت دەبین، هۆنراوەمان وەکوو ئاوی دیجلە و فورات دەگوڕێنێ، هەر پەیڤێکمان پێلێک دەدا و قەتارەیەک قاز و قورینگ هەڵدەفڕێنێ. ئەو ڕۆژەی دێی، لە دوورەوە گوێم لە حیلە و هانکەهانکی هەسپە حودوودەکەت دەبێ، چڵێک نێرگز بە دەستەوە، بە پیرتەوە دێم و دەچین... لەبن دارێک چوارەمێردەکی دادەنیشین، بۆ تینوێتی شکاندمان لوێچێک ئاوی کانی بەسە، ئاوی کانیی ڕوونتر لە نوور. بۆ تێربوونیش هەر لە جێوە دەست هەڵدەبڕین بۆ هەنارێک، یا سێوێکی مزر و لاسوور. ئیدی نە تۆ، وەک شەوەکەی ترابلۆسمان، بە ناو دەریای پێکێک مەیدا، بەرەو بەسەرە دەکەوینە سەوڵژەنین، نە من لەناو پێچ و خول دووی سیگاردا پرزەم دەبڕێ دەبڕێ خەیاڵاتی ئاڵاچنین. ئەوسا ئێمە، تۆش و منیش، لە هەڕەتی لاوی دەبین، بۆ هەر لایەک سەر هەڵبڕین بەهەشتێکمان دێتە بەر چاو بە قریوەی زارۆیان و ئاسمانێکی بە وەنەوشە و گوڵەهێرۆی سپی خەمڵیو هەرگیز چاومان لێی تێر نابێ، پەلە ناکەین بچینەوە بەهەشتەکەی دنیای ئەو دیو! * ئـەم هۆنراوەیە لە سەرتادا چەند دێڕێک بوو، لە ترابلوس نووسرا و لە بەهاری ١٩٩٢ دا لە کۆڕی هەولێر خوێندرایەوە، بەڵام هێندێک هزر و ڕامان، هەروا، تەوژمی دڵەکوتێ دەربارەی پاشەڕۆژی کوردستان وازیان لێم نەهێنا، تا لە زستانی ٢٠١٨دا سەرلەنوێ دامڕشتەوە و بڕیارم دا ئازادی بکەم! ++++++++++++++++++++++