ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
دڵ پەرێشان و به تاسەی تۆوه بیرم ماندووە
من به گۆشەی چاوی تۆ زۆر جار فریوم خواردووه

هەر له ڕێی تۆدایه هەست و گەر نەبووبێ قاسیدیش
من به سروەی بای بەیانیدا پەیامم ناردووه

وەختی هاتوە کەس ئیتر لەو عیشقه سەرکۆنەم نەکا
تازه کاری من له ڕیسوایی و مەلامەت دەرچووه

یەک دەڵێ خاڵه لە ڕوویدا، یەک دەڵێ پیرۆزەیه
گەنجی وی بازاڕی گەرمه ماڵی من وێران بووه

چاوی سەرچاوەی بەڵایه، فیتنەیه، ئاژاوەیه
بۆ خەیاڵ شێواندن و دێوانه کردن جادووه

چەند خەیاڵی من لە دەوری بەژنی وی دێت و دەچێ
ڕازەکەی ناردوومه پێیدا، هێشته نەیدرکاندووه

یار بەڵێنی داوه پێم و دووره لێم جێژوانی کۆن
چۆن لەوێ زۆر جار پەریی شێعرم له ئامێز گرتووه

قەت له چاکەی من نەجاتی نابێ 'هێدی' چونکه من
بوومه کۆیلەی ئەو کەسەی ئەو هێنده خۆشی ویستووە
هەولێر- گەڕەکی ئەفسەران، ٢٠٠٠٫١٢٫٠٣ی زایینی.
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣١٢.
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە.

پەراوێز edit