ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
خۆشەویستی دەرد و ژانی بێ ژماری پێوەیە
مەینەتی چۆل و چیا ڕیسوایی شاری پێوەیە

دوور دیارن ئەۆ کەسانەی عاشق و سەوداسەرن
ڕەنگ و ڕوویان مۆری غەدری ڕۆژگاری پێوەیە

جێی وییە سەر هەر دوو دیدەم بۆیە هەر لایە دەچم
دار و دیواریش دەبینم نەخشی یاری پێوەیە

نەک نیگام سەر هەڵگرێ بۆ سەر گوڵی تر سەربەخۆ
چاوی من لەجیاتی پێلوو، پەردەداری پێوەیە

هەر لە بەژن و بسک و هەنیە و گەردنی، تا خاڵی ڕووی
پاکی بەڵگەی قودرەتی پەروەردگاری پێوەیە

نەمرێ وەستای گوارەکانت، بەو زریزەی ناسکەی
شاهکاری کردوە هێندی وردەکاری پێوەیە

سوور دەزانم لەو قەرارە ڕۆژێ فیتنە ساز دەبێ
گەر دەبینم مانگی چاردە فێسی لاری پێوەیە

ئاشکرایە نازی گەر دەڕوا، ڕوانینی بەڵام
چەند ئەوەندەی نازی ڕازی نادیاری پێوەیە

شێعری من بۆنی گراویی لێ دێ، 'هێدی' مەست دەکا
جا کە خۆی بێ چی بەسەر دێ، سەد بەهاری پێوەیە
هەولێر- گەڕەکی ئەفسەران، ١٩٩٩٫٠٦٫١٥ی زایینی.
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣١٩.
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە.

پەراوێز edit