ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
١٨. گوڵی خوێناوی
کۆڵمەت گەش و ڕووناکە، دەڵێی تیشکی هەتاوە
جوان‌چاکی کراسێکە بە بەژنی تۆ براوە

ئاسک سڵە، نەک هێندی تۆ نەشمیل و ڕەزاسووک
گوڵ پێدەکەنێ نەک وەکوو تۆ وا بە حەیاوە

بسکت دەگەڵ ئەو ڕوومەتە تێکەڵ بووە هەر وەک
باغی گوڵە پەڕژینی بە ڕەیحانە کراوە

سەد حیکمەتی گەر خوێندبێ، نازانی بە دەردم
هەر کەس بە گڕی ئاگری تۆ هەڵنەچزاوە

جوانیت بەسە، بەرموورەکەی ئەستۆت بپسێنه
من کوردم، ئەزانم که له بەندی چ کراوە

تا گواره له گوێت دێته لەرین، دێتەوە بیرم
هەر لاوێ که لەو خاکه له سێداره دراوە

هەر لالە کە دەیبینی وەکوو ڕوومەتت ئاڵە
هەر خونچەیەکی خوێنی شەهیدێکە ڕژاوە

هەرچی هەیه هەر باسی برۆ و بسک و خەت و خاڵ
هەر بەینی من و تۆیه که کەس لێی نەدواوە

هەر مەرجی من و تۆیە وەتەن ماوە وەکوو خۆی
هەودایە وەتا من هەم و تۆ هەی نەپساوە

سەیری کە لەدەست هەڵمەت و پارێزی کوڕی تۆ
دوژمن لەهەمو لاوە چلۆن مێشکی پژاوە

دەنگی کوڕی تۆ دوژمنی هێناوەتە لەرزین
دەنگێ کە ئەڵێ‌ی هەورە بەسەر شاخ و چیاوە

هاواری گەلی تۆ ئەوە دەرچو لە نهێنی
ئەو پەردە بە گوللەی کوڕە پێش مەرگە دڕاوە

سەر کەوتنی تۆی دیوە وەتەن، دوژمنی ڕو ڕەش
وا ڕۆژی ڕەشی هات و چرای ڕونی کوژاوە

ئەو جۆگەلە خوێنانە کە دەڕژێنە خڕو دۆڵ
فرمێسکی کوڕی تۆ نی‌یە والێڵ و قوڕاوە

خوێنی دڵی دوژمنتە وەتەن تاکو نەڵێن پێت
تۆڵەی 'نەبی'١یو 'عزت'٢و'میرە'٣ی نەکراوە

کاوانی٤ گوێ بگرە لەدەنگی گەلی ئازات
سەر هەڵبڕە لەو خاکە ببینە چ کراوە

تاوانی وەکو تۆی چوە پێش مەرگە کە ساتێ
نەسرەوت و هەتا خوێنی نە ئەستاند، نەحەساوە

تۆڵەی بەچی دەستێندرێ گەنجێکی وەکو تۆ
تابن سەری ئاڵای گەلەکەی لێ نە چەقاوە

ئاڵا دەبێ جێ‌ی بن سەری تۆ بێ کە نەڵێ کەس
ئەو پەرچەمە ڕەنگینە بەخوێن ئاو نەدراوە

شانازی ئەکا کورد کە لە مەیدانی خەباتا
بارزانی قەڵای ئاسنی کوردی بە پەناوە

بارزانی سەرۆکی مەزنی کۆمەڵی پارتی
کوردێک کە هەتا هەبوە بەسەربەرزی ژیاوە

ئیلهامی لەوی وەردەگرێ پارتی خەباتگەر
وا بۆ وەتەنی گیان و ڕوحی هیچە بەلاوە

ژەنڕاڵێ کە هەر ئەو تەمەنی پیرو جوانی
داناوە لە ڕێ‌ی ئەو گەلەداو کۆڵی نەداوە

ئەی خۆش بی وەتەن بۆ کوڕی گرتوتە لە ئامێز
ئەی نەڕزێ دەسی تۆڵە ستێنت کوڕی کاوە

١. نەبی سەر ئاسن بارزانی.
٢. عزت عبدالعزیز ئامێدی.
٣. میرۆ شێروکی بارزانی هەر سێکیان شەهید کراون عزت عبدالعزیز کە لە شۆڕشەکەی ساڵی ٤٥ بارزانیدا بەشدار بو دوایی حکومەتی بەغدا لە داری دا، ئەوانی‌تر لە شۆڕشی ١١ی ئەیلول دا لە جەبهە شەهید بون.
٤. شەهید مەحمود کاوانی شەقڵاوەیی، لەجەبهە لە شۆڕشی ١١ی ئەیلولدا شەهید بوو.
١٩٦٦/١/١٢ز - رادیۆ دەنگی کوردستانی عێراق - مانگی ١٠ی ١٣٤٤ی هەتاوی
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی دووەم ١٩٩٧ز، لاپەڕەی ١٨٠-١٨٢
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣٠٣-٣٠٥.
نیوەی ئەم شێعرە لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە..

پەراوێز edit