ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
١٥. پەرێشانی
چاره‌ی خه‌می من مه‌ی نییه‌، مه‌یخانه‌‌ بڵێ چی؟
به‌و ده‌رده‌وه‌ مه‌ی نامگرێ، په‌یمانه‌ بڵێ چی؟

پێم وا نییه‌ له‌و غه‌دره‌ له‌ فریام بکه‌وێ که‌س
ئه‌و دۆست بوو وه‌فای بۆم نه‌بوو، بێگانه‌ بڵێ چی؟

بسکت بده‌ ده‌س شانه، ‌ به‌ڵام چین مه‌خه‌ ئه‌برۆ
زولفی تۆ شنه‌ تێکی‌ده‌دا، شانه‌ بڵێ چی؟

هه‌ر عاشقه، ‌ سووچیشی نه‌بێ، ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی
شه‌م ئاگری کردۆته‌وه‌، په‌روانه‌ بڵێ چی؟

تاوانی منه‌ ده‌ربه‌ده‌ری و ده‌ردی‌سه‌ری من
مه‌ل خۆی سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێ، هێلانه‌ بڵێ چی؟

شێتی قه‌دی تۆ شه‌رتی له‌گه‌ڵ چۆڵ و چیا بوو
زانا بێ به‌ زنجیره‌وه‌، دێوانه‌ بڵێ چی؟

خاڵی تۆ به ‌په‌رژین و خه‌یاڵ ناسک و ساده‌
بێچاره‌ لەناو ئه‌و هه‌موو پاوانه‌ بڵێ چی؟

چیرۆکی جوانی تۆ له‌ناو لاپه‌ڕ و دێڕا
ناگونجێ، ئیتر نووسه‌ری ئه‌فسانه‌ بڵێ چی؟

تاسه‌ی تۆ که‌ دامده‌گرێ، ده‌ڵێن: 'ئاخری خێر بێ! '
'هێدی' له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆنه‌برینانه‌ بڵێ چی؟
هەولێر- گەڕەکی برایەتی، ١٩٩٥٫٠٣٫١٠ی زایینی، خاکەلێوەی ١٣٧٣ی هەتاوی.
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣٤٢.
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە.

پەراوێز edit