ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
١٤. چاوەڕێ
ڕازی من ون ناکرێ تازە هەتا دیدەم هەیە
کار لە حاشا دەرچووە، دیدە ئەوەندەی نەم هەیە

ئای لە دەس دیدە و دڵی خۆم، چم بەسەر هات، ئەی چلۆن
یان لە تای ئەودا دەلەرزم، یان مچوڕکی ئەم هەیە

شێت هەیە ئاگای لە کاری خۆشەویستی هەر نییە
ئەو بە دێوانەم دەزانێ، من پەژارەی وەم هەیە

ماڵی ئاوا بێ ئەڤین چیرۆکی هیند لێ‌کەوتەوە
لەیل و مەجنوونیش تەواو بێ، داستانی مەم هەیە

خاڵ و لێوی چۆنە داخوا هێندە جووتن پێکەوە
وەک بزانم وردە ڕازێکیان وەکوو هاودەم هەیە

بادە نین واژەی من و تینووی ئەڤین وا مەست دەکەن
هەر دەڵێی پەیمانە پەیوەندی لە گەڵ بەستەم هەیە

من خەمی خاڵێک دەخۆم، تەنیا ئەوەندە و هیچی تر
لەو جیهانە گەورەدا هەر ئەو خەمە وردەم هەیە

چاوەڕێ بووم چەند بە چەند بۆ دیتنی، ئەمما نەبوو
ئەو نەهات، یان هەر لەبەر چاوی من ئەوڕۆ تەم هەیە؟

شیعر و بادە، مەستی دێنن وەک یەک ئەمما سەیرە پێم
بۆ لە سەرخۆشیی شێعردا، ‌هێندێ ڕەنگی خەم هەیە

بێ‌وەفاییم گەرچی لێ دیوە بەڵام بەو حاڵەوە
هێشتە هەر بۆ نازی وی، کڕیاری وەک من کەم هەیە

'هێدی' بەڵگەی زۆرە بۆ هاوار و شینی نیوەشەو
گەر پەڕی پەروانە سووتا، شاهیدی وەک شەم هەیە
بەغدا- حەی ئەلقودس، ١٩٩٦٫١٢٫٢٠ی زایینی.
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣٢١و٣٢٢.
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە.

پەراوێز edit