شاعیر: هێدی کتێب: کاروانی خەیاڵ سەرناو: فریو سەبارەت: هەولێر- گەڕەکی ئەفسەران، ٢٠٠٠٫١٢٫٠٣ی زایینی. - کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣١٢. - لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ١٩٢.١٥.٤٦.١٠٨ نووسراوە. دڵ پەرێشان و به تاسەی تۆوه بیرم ماندووە من به گۆشەی چاوی تۆ زۆر جار فریوم خواردووه هەر له ڕێی تۆدایه هەست و گەر نەبووبێ قاسیدیش من به سروەی بای بەیانیدا پەیامم ناردووه وەختی هاتوە کەس ئیتر لەو عیشقه سەرکۆنەم نەکا تازه کاری من له ڕیسوایی و مەلامەت دەرچووه یەک دەڵێ خاڵه لە ڕوویدا، یەک دەڵێ پیرۆزەیه گەنجی وی بازاڕی گەرمه ماڵی من وێران بووه چاوی سەرچاوەی بەڵایه، فیتنەیه، ئاژاوەیه بۆ خەیاڵ شێواندن و دێوانه کردن جادووه چەند خەیاڵی من لە دەوری بەژنی وی دێت و دەچێ ڕازەکەی ناردوومه پێیدا، هێشته نەیدرکاندووه یار بەڵێنی داوه پێم و دووره لێم جێژوانی کۆن چۆن لەوێ زۆر جار پەریی شێعرم له ئامێز گرتووه قەت له چاکەی من نەجاتی نابێ 'هێدی' چونکه من بوومه کۆیلەی ئەو کەسەی ئەو هێنده خۆشی ویستووە ++++++++++++++++++++++