ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٤١. ئەمانە لە فارسی یەوە وەرگێڕراون
١
دوێ شەو تا بەیان لەیار ئاڵاوم
ئەمشەو لەگەڵ خەم لە جێ خزاوم
داخەکەم ئەوەی تەمەن ئەنووسێ
ئەمڕۆی وەک دوێنێ لەسەر داناوم
١٩٦٧

٢
وتم: گوڵی سوور شەرمت لێنایە
بەر لەتۆ نێرگز لەبازاڕایە
وتی: دەستووری شاھان نازانێ
بەردەست پێش ئەخرێ، ئینجا پاشایە
١٩٥٨

٣
کوڕ:
ئەی بابە: مەگەر ڕوومەتی جوانانت نەدیوە؟
چاوی بە کل و زوڵفی پەرێشانت نەدیوە؟
دووری و شەوی تەنیایی دڵ و ھەستی نەگرتووی؟
دەرکەوتنی ناکاوی نیگارانت نەدیوە؟

باوک:
ئەی ڕۆڵە: مەگەر سفرەیی بیِنانت نەدیوە؟
ئەرکی ژن و گریانی منالاِنت نەدیوە؟
نەخزاویە کونی ژوورێ لە ترسی دەمی قەرزار؟
بێ پارەیی و ھاتنی میوانت نەدیوە؟
١٩٥٨

٤
تەنیا ماچ دزین خێر ئەداتەوە
دوو جار قازانجە گەر بیداتەوە
١٩٥٨

٥
کچ سەد لێو ئەبا بۆ جامە ئاوێ
کەچی جارێ لێو نادا بە لاوێ
١٩٥٨

٦
ئەو کەسەی ڕۆژێک بە عەشق سووتابێ
لە گڕی مەحشەر ھیچ ترسی نابێ
١٩٥٨

٧
لە کاتی خۆیا منیش مناڵ بووم
نەرم و ناسک و سەرگۆنا ئاڵ بووم
ئێستەش کە جوانی دەرچوو لە دەستم
ھەر لەو عەشقەیە مناڵ پەرستم
١٩٥٨

٨
ئەوەی پەرۆشی سەیری ڕوخسارە
لە دانیشتنی تەنیشت بێزارە ١

١. ئەمانە ھەموو لە کۆمەڵەی (دڵی کوڕان)دا بڵاوکراونەتەوە.
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit