ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٤٠. ڕازی دڵ
من باسی دڵی خۆم بۆ نەکردووی
ناوی دڵداریم لەلا نەبردووی

لێم نەپرسیوی دڵت لە کوێیە
کام دڵ بڕاوێک بۆت چاوەڕێیە

لەلای ئەم و ئەو نەمخستوویتە ناو
نەبووی بە تانەی بێگانەو ناسیاو

نەشمتوانیوە بە یارت دانێم
بۆیە نەمویستووە کەدانی پیا نێم

بەڵام سەرنجم ھەمووی بۆ تۆیە
چیی تر وترا بێ مەرجەو درۆیە

بە قوربان ئیتر گەیشتە تینم
توانای تیا نەما دڵەی خەمگینم

سوێندم بەو چاوەت کە چرای دڵمە
ئاگر خۆش کەری ھەستی بە کوڵمە

نۆبەی وەستان و چاوەڕێم تەواو
دوا پارچەی بەردی ورەم بوو بە ئاو

بەجۆرێ کارت کردۆتە سەرم
ھرگیز ناتوانم بێ تۆ دەربەرم

گەر شەیدایییە یا خۆشەویستی
تۆ بۆ دڵی من یەکەم پێویستی

کەچی تۆش بێ دەنگ وەکوو نەزانێ
خەمی چەند تیایە دڵ بە پەنھانی

وا لە داخی تۆ ئەسووتێم وەک مۆم
سووچی ڕازێکت ھەر دەرنەکەوت بۆم

بە دەس من بوایە دەورم ئەتەنێت
نەمئەھێشت لەگەڵ کەس پێ بکەنیت

لەگەڵ لەلایەک ناوت ئەھێنن
من ئەڵێی چەقۆ بە دڵما دێنن

ئەمەش نیشانەی مەیلێکی خەستە
دیارە تۆ ژیری، ئەمەندە بەستە

چی بکەم لەگەڵ تۆ ئەمەندە جوانی
ناوی بەزەیی ھەرگیز نازانی

خۆزگە دڵی تۆ وەک ھی من بوایە
ئاخۆ ئەوساکە چیت بکردایە

ئەم شیعرە لای من ئەمەندە دێنێ
وەک بۆمبا دڵتم بۆ ھەڵتەکێنێ ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە کۆمەڵە شیعری (شیرین)و پێشتریش لە گۆڤاری (رۆژی نوێ)دا بڵاو کراوەتەوە، ھەرچەند لەتەمەنی ٣٨ساڵیمدا وتوومە، یادی دڵدارییەکی بیست ساڵیمە.
١٩٥٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit