ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣٩. ئاواتێک لە گوێ ڕووباری دیجلە
چەند جوانە ھەڵبژاردەکەم
ناسکەو ڕوومەت پڕ بە دەم
نەرم و شل و خڕو پڕە
دڵ فڕێن و جەرگ بڕە

ئای چ خۆشە گەر یارم بێ
تا نیوە شەو لە دیارم بێ
بەو دەستانەی خۆی بۆم تێکا
من پێک ھەڵدەم بە دوای پێکا

مەزەش ماچی سەر گۆنای بێ
سەیرانگام بەژن و باڵای بێ
لێوم بسووم لو لێوانی
ھەڵمژم دەم و زمانی

گازی مەچەکیم دەس کەوێ
جێ دانەکانم دەرکەوێ
سنگم بچەسپێ لە سنگی
ھەڵی گوشم زۆر بە تونگی

ڕوومەت بخەم لە ڕوومەتی
لەو کوڵمە نەرمەی ھەیەتی
نوقمی دەریای دڵداری بین
سەرخۆشی بەزم و یاری بین

بە قاقای پێکەنینەوە
بە ختووکەی شیرینەوە
تاو تاو بە مستم پیاکێشم
ھەتا توڕە بێ و پیای کێشم

تێر بە چنگ ھەڵی گڵۆفم
من کوژراوی ئاخ و ئۆفم
بیتۆرێنم و ئاشت بێتەوە
سەر لەنوێ تێ ھەڵچێتەوە ١

١. بۆ شوێنە گومکێ ناوی (دیجلە)م لەم پارچە شیعرەدا ھێناوە، چونکە بە ھەڵە خستیانە سەر کچێک من مەبەستم ئەو نەبووە، ئەگینا مەبەست سلێمانی یە. لە کۆمەڵە شیعری (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٥٦
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit