ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣٨. پەرێشانی
وەرە ئەی چاوەکەم، ئەی گیانەکەم، یار
وەرە ئەی خۆشەویستی جەرگی دڵدار

لەگەڵما تاقە تۆزێ دڵ نەرم بە
کەمێ ڕوو خۆش و گەش بەو بێ شەرم بە

دڵ و چاوت ئەزانم دەستەمۆمن
بە تەنیا ھەر زمانت سرکە بۆ من

پەشێواو پەرێشانم بە جارێ
لە چاوم خوێن، لە دڵ ئاگر ئەبارێ

منت کوشت بۆ سڵاوێ بۆ بەڵێنێ
ھەتا کەی کەس نەزانێ و وا بمێنێ

بڵێ بمرە، بڵێ لێرە مەمێنە
بڵێ لاچۆ، بڵێ ناوم مەھێنە

ئەگەر دۆستم، ئەگەر دوژمن بزانم
ئەوەندەم تێگەیەنە کامەیانم

ئەگەر خۆشت ئەوێم و ئیمتیحانە
ئیتر بەسمەو بەسەرکەوتووم بزانە

ئەزانم تۆش کە بێ یاری و بە تەنیای
دڵت وێڵە بەڵام خۆت ژیرو وریای

دەری ناخەی گرێ و پێچی خەیاڵت
منت چۆن دیوە تۆش ھەر وایە حاڵت

بەسە ڕەحمت ھەبێ دەرحەق دڵی خۆت
گوناھی خۆم و خۆت و دڵ بە ئەستۆت ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆڤاری (شەفەق)دا بڵاو کراوەتەوەو ھەر لەو گۆڤارەشدا حسەین عارف کردوویە بە عەرەبی. بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی دوکتۆر ئیحسان فوئادیش بوو لە کۆڕێکی ئەدەبیدا و لێکۆڵینەوەکەی لە گۆڤاری (بەیان)دا بڵاو کردەوە. پاشانیش لە کۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٥٦
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit