ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
١٢. شادیی قه‌لبم، حه‌زینم، نووری چاوانم ئه‌تۆی
شادیی قه‌لبم، حه‌زینم، نووری چاوانم ئه‌تۆی
مه‌رهه‌می زام و برینم، ده‌رد و ده‌رمانم ئه‌تۆی

وا له ‌تاریكی فیراقت، ڕێگه‌كه‌م ون كردووه‌
شه‌معی به‌زمی جان و دڵ، ماهی دره‌خشانم ئه‌تۆی

گه‌ر به‌ ده‌ستی خۆته‌وه‌ قه‌تلم بكه‌ی مه‌منوونی تۆم
سه‌د ئه‌وه‌نده‌ موسته‌حه‌قم، قاتڵی جانم ئه‌تۆی

وا له‌به‌ر بێ‌هه‌مده‌می خۆم خسته‌ گۆشه‌ی بێكه‌سی
ده‌ستی یاری بێكه‌سان و دڵ‌غه‌ریبانم ئه‌تۆی

سجده‌گاهی مه‌هرووانه‌ خاكی به‌رده‌رگانه‌كه‌ت
پادشاهی دڵبه‌ران و شاهی خووبانم ئه‌تۆی

ده‌ر به‌ده‌ر، خوێنین جگه‌ر، ئاواره‌یی یار و دیار
ده‌ردمه‌ند و خه‌سته‌دڵ، مه‌علوومه‌ لوقمانم ئه‌تۆی

وا له‌تاو زوڵمی فیراقت بێ‌هه‌واڵ و بێ‌مه‌كان
هاتمه‌ به‌ر ده‌رگای عه‌داڵه‌ت، شاهـ و سوڵتانم ئه‌تۆی

به‌ختی به‌د نه‌یهێشت له‌ عه‌هدی تۆ به‌ كامی دڵ بگه‌م
جانی من، ساحێب وه‌فا و عه‌هد و په‌یمانم ئه‌تۆی

(سافیا) سا عاشق و دێوانه‌و و حه‌یرانی تۆم
ڕێى موسولمانی چ لێبكه‌م، نووری ئیمانم ئه‌تۆی
سافی هیرانی، دیوانی سافی هیرانی، چاپی یەکەم، فەرهەنگ‌سەرای هونەر و ئەندێشە ٢٧١٦ی کوردی، لاپەڕە ٧٩.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit