شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: شادیی قه‌لبم، حه‌زینم، نووری چاوانم ئه‌تۆی سەبارەت: سافی هیرانی، دیوانی سافی هیرانی، چاپی یەکەم، فەرهەنگ‌سەرای هونەر و ئەندێشە ٢٧١٦ی کوردی، لاپەڕە ٧٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شادیی قه‌لبم، حه‌زینم، نووری چاوانم ئه‌تۆی مه‌رهه‌می زام و برینم، ده‌رد و ده‌رمانم ئه‌تۆی وا له ‌تاریكی فیراقت، ڕێگه‌كه‌م ون كردووه‌ شه‌معی به‌زمی جان و دڵ، ماهی دره‌خشانم ئه‌تۆی گه‌ر به‌ ده‌ستی خۆته‌وه‌ قه‌تلم بكه‌ی مه‌منوونی تۆم سه‌د ئه‌وه‌نده‌ موسته‌حه‌قم، قاتڵی جانم ئه‌تۆی وا له‌به‌ر بێ‌هه‌مده‌می خۆم خسته‌ گۆشه‌ی بێكه‌سی ده‌ستی یاری بێكه‌سان و دڵ‌غه‌ریبانم ئه‌تۆی سجده‌گاهی مه‌هرووانه‌ خاكی به‌رده‌رگانه‌كه‌ت پادشاهی دڵبه‌ران و شاهی خووبانم ئه‌تۆی ده‌ر به‌ده‌ر، خوێنین جگه‌ر، ئاواره‌یی یار و دیار ده‌ردمه‌ند و خه‌سته‌دڵ، مه‌علوومه‌ لوقمانم ئه‌تۆی وا له‌تاو زوڵمی فیراقت بێ‌هه‌واڵ و بێ‌مه‌كان هاتمه‌ به‌ر ده‌رگای عه‌داڵه‌ت، شاهـ و سوڵتانم ئه‌تۆی به‌ختی به‌د نه‌یهێشت له‌ عه‌هدی تۆ به‌ كامی دڵ بگه‌م جانی من، ساحێب وه‌فا و عه‌هد و په‌یمانم ئه‌تۆی (سافیا) سا عاشق و دێوانه‌و و حه‌یرانی تۆم ڕێى موسولمانی چ لێبكه‌م، نووری ئیمانم ئه‌تۆی ++++++++++++++++++++++