لە ژوورێکا خنجیلانە
کام شت، نایابە، هی دەگمەن
کام پێخەف و خشڵ جوانە
هەمووی بە ڕێکخراوی هەن
***
لەم ژوورەدا قەترەی ئەسرین
ڕژایە سەر ڕوومەتی پان
ژنی شۆخ دڵ ئاگرین
بە خۆر دەستی کرد بە گریان
***
جوان بوو، کەمەری شل و مل
پووزی وەکو شووشە وابوو
سەر سنگ، بەر گەردن، شان و مل
هەموو جوانیەکیان تیا بوو
***
گریا ئەو شۆخە، گریانێ
تەزووی ئەڕشتە ناخی گیان
بەڵێ لەشێ، دڵێ، گیانێ
شەیدا بوون بۆ تامی ژیان
***
لە پڕ قیژانی و بانگی کرد
بۆچی منیان بە تۆ داوە؟
بە پیریت شادیی دڵم مرد
ئەم چاوە ئەم قژە خاوە
***
ئەم لەشە ئەم کوڵمە سوورە
ئەم گەردنەی وەک بلوورە
***
لەبەرچی بمرن بە تەنیا
ئەی دڵ هەتا ماوی بگری
فریشتەی دڵداریی گریا
کە گریا ژنی وەک پەری