لەسەر کوڵمی ناسک... مردن
دەسی کرد، بە بەستە وتن
پەرچەمی تەڕ، ئاڵا لە مل
فرمێسکی ئەڕژا، لەگەڵ... کل
شار، پەرۆشی ڕەهێڵەی سەخت
«ڕێی گرتەبەر لەگەڵ ناوەخت»
پرچی تەڕی پەرش و شیرین
بەستەیەکی ئەوت غەمگین
با... ئەیدا لە پرچی سەرشان
ئەلەرزی وەک تەلی کەمان
ئەندامی لەش، گەردن، ناودەم
شۆڕ شۆڕ لێی ئەڕژا ئاو و خەم
باران ئەچوو، بەگژ... گڕدا
لافاو لەناو قەدی پردا
زریکو هۆوڕ چرای ڕەنگین
ئەگریان بەتاو... ئەلەرزین
ژنی بەژن و باڵا نازدار
ئەیپێچایەوە... جادەی شار
ئەینواڕییە ڕێی گۆڕستان
چاوی ژاکاو پڕ لە گریان
پووزی ناسک، کەمەری تەنگ
بە تکی قوڕاو ڕەنگا و ڕەنگ
کپ و غەمگین و مات: کۆڵان
لەپڕ، هەورێک، ئەیزریکان!!
کارەکەری... جوان، وەکوو گوڵ
بەدەم گریانەوە، بە کوڵ
وتی: کوڕی کۆشک و تەلار
لاوی بێڕەحمی پارەدار
دەسی بڕیم و دوای ئەنجام
وەختێک کە، گەیشت بە مەرام
خۆی و دایکی دەریان کردم
وێڵ وێڵ... بەم دەردەیان بردم
بێ لانە، بێ کەس، بێ هاودەم
ئەی خوای هەور و باران چیبکەم؟ !
پەریی کچێنیمیان... مران
بووم بە ژن... منی بەسزمان
ئەی کۆرپەی «باوک تاوانبار»
لە ئێستەوە بگری بەزار!!
***
هەژارێک فریای کەوت... قەشەنگ
وتی: ئەی ژنی شۆخ و شەنگ
تۆزێ ئاڵتون نەنیشتووە
لەم، دڵە پڕ ئارەزووە
ها، دڵم، هێلانەی تۆ بێ
جێی، ئەو، ڕووە، جوانەی تۆ بێ