ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری دیاری
٢٠. کچەکەی خۆی
گزنگ، لە گەرووی کەژا
وەک ئاڵتوونی خاو، ڕژا
کەژاوی، ساردی بەگوڕ
ڕژایە، شەخەڵی چڕ
پەردەی تەنک، ئاوریشمین
بە شەماڵ، کەوتە لەرین
لە نوێنا تلایەوە...
تا گڕی کوژایەوە...
کچی هەژاری بێ نان
بەجێی هێشت تەلاری جوان
دوای ئەوەی گوڵی... گەنجی
لەناو، نوێنێکا وەری
***
لە شەوا... دوای پانزە ساڵ
کچێکی جوانی چاو کاڵ
نیگای، تا بڵێی، شیرین
قژی زەردی ئاگرین
هەر ئەو کوڕە، ئەو دڵە
ئەو دەروونە.. بەکوڵە
ئەو شەیتانە، دەسدارە
ئەو ڕاوچی، پارەدار
کچی گەیانە تەلار
ناو ژووری بریسکەدار
عروسی ئاوێنەبەن
ئینجا کوڕی دەوڵمەن
بەرگی شیتاڵ کرد، لەپڕ
ماچی ئەکرد... گەرم و گۆڕ
لە سنگی شیرینەوە
چاوی ئاگرینەوە
گڕ هەڵئەسا، بۆ تاسەی
گەرم ئەبوو، هەناسەی
بەسەری برد، شەوی سوور
بە بێ شەرمی، بێ،... سنوور
«بەڵام ئەی پرشنگی کاڵ»
«ئاگات لێ بێ لە قەدپاڵ»
کچی خۆی بوو... نەیزانی
هی دۆستەکەی جارانی!

پەراوێز edit