ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری دیاری
١٨. ڕووبەڕووی مردن
سەرنجماندا، ئەڕۆی بێدەنگ
لەم لاو لەو لایەوە... تفەنگ
بەرەو دەشتی، پڕ شنە شن
لەژێر پەردەی، ئەستێرەچن
لەوێ، نزیک ئاسۆی ڕووناک
کوژرا، بە تفەنگی... ناپاک
چاویان لێکنا، پیاوکوژەکان
ملیان کەچ، سەریان دانەوان
زاتیان نەبوو، تێی بنواڕن
سەرنج بەن، لە چاوی، گەردن
بەدەم نوێژەوە، ورتەیان
بە پەردەی گوێی، ژینی گەیان
– تازە، ڕزگارت ناکا خواش –
– تازە، ڕزگارت ناکا خواش –
***
ڕوومەت، خوێناوی، گوللەی ڕەش
پەراسوویان، گرتە باوەش
مرد و، تاوانێکی گران
ڕووی دا، لە شاری بەسزمان
بەسزمان... «غرناتە»ی شیرین
زۆر بەسەزمانە... ئەیزانین!!
***
دیمان ئەڕۆی، لەگەڵ مەرگا
«ورە»، مەڵاس، لە ناو جەرگا
نەترسا، لە داسی مردن
لە زەبری، بە تینی کوشتن
***
ڕۆژ لە تەلارەوە... دەسگا
چەکوش بەگوڕ خۆی پیائەدا
دەنگی بەسامی لێ ئەهات
– لۆرکا–ش، لە ڕێی مەرگ و خەبات
لەگەڵ مردنا... ئەدوا
گوێی لێبوو... دەنگی هەڵئەسا
«هاوڕێ هەمووی هەر دوێنێ بوو
شەماڵ خۆی لە درەخت ئەسوو
گەڵای دارخورما ئەیچرپان
بوو، بە تەرزە بەستەکەمان
بە داسێکی تیژی زیوین
دەس و پێی پەژارە – پەڕین»
بەم جۆرە – بەستە ئەڵێم من
بۆ ئەو لەشەی بردی مردن
بۆ ئەو بەژنەی هی تۆ نەبوو
هی گەل بوو، ئەی برای زیندوو
بۆ ئەو قژەی پەرشی ڕووە
بۆ لێوی ئاڵ کە نووستووە
بۆ ئەو دەمەی لەمەوپێش دەم
ئەیمژی... خۆشەویستەکەم
چەند خۆشە، من ئێستە... تەنیا
لەگەڵتا بوومایە... برا
ئەی گیانی «غرناتە»ی ئازیز
بیرمان ناچێتەوە هەرگیز
***
دیمانن، ون ئەبوون لە چاو
بۆ ناو شەپۆلی خۆرەتاو
هاوڕێینە: لە ناو بەردا
لە خەوی گەش و بێگەردا
قووڵ... لە کۆشکێکی ڕەنگ ئاڵا
لە ناو بەردا... لە خەیاڵا
لەژێر کانیا... قوڵەقوڵ
کە ئاوی ڕوون، ئەگری بە کوڵ
گۆڕێک هەڵکەنن، بۆ شاعیر
بۆ «لۆرکا»... بۆ گیانی نەمر
ئاوی کانی ئەگری بەخوڕ
تا ئەبەد ئەڵێ و دڵی پڕ
«لە غرناتە جورمی گران
وەک درنج هەستایە سەرپێیان!»
لە ساڵی ١٩٣٦دا لە کاتێکا کە «لۆرکا»ی بوێژی هەرە گەورەی «ئیسپانیا»یان برد بۆ کوشتن «دەستڕێژ». ئەنتونیو ماخادۆی بوێژی گەورەی «ئیسپانیا» کە لە نەفی بوو ئەم هۆنراوەیەی وت!

پەراوێز edit