ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٩٩. لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان
لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان
بە دەستوورێ کە مردوو بێ پدەریان
کە چاوم کەوتە شین و باوکەڕۆیان
دڵ و جەرگم لە تاوا بوونە بریان
ئەگەرچی دڵڕەق و غەرقی گوناھم
منیش بوومە شەریکی دەردەسەریان
لەپاش ئەم شیوەن و گریانە پرسیم
کە چی بوو باعیسی دەرد و کەدەریان
جەوابیان دا بە دەنگی نەرم و مەحزوون
لەبەر ئازار و سووتاوی جگەریان
برادەر تەعزییەی شێخ و مەلایە
لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان
کە ئەھلی دین نەماوە ئەھلی دونیا
ھەموو دوورن لە ئەمری پێغەمبەریان
چرا بکوژێتەوە تاریکە دونیا
پدەر مرد و ھەتیو ما ڕووت و عوریان
ئیتر بێ حورمەتی شێخ و مەلایە
خوسووسەن عالیمی مێزەربەسەریان
ئەوان بوون قەدری شەرع و دین بزانن
نەمان و شەرع و دینمان قوڕ بە سەریان
موسوڵمانی ئەمێستا ئیسم و ڕەسمە
پەرێشانن بە خزمەت گا و کەریان
پەنا بە خوا لە شەڕی ئەم زەمانە
زوبان بگرن نەبن تووشی زەرەریان
لە ئەبنائی زەمان دڵ ھەڵئەشێوێ
نەزیک و دوور حەزەریان تا سەفەریان
بە شەربە و شۆربا ڕازی بە سابیر
بەشەر با بێنە شەڕ دووری لە شەڕیان

پەراوێز edit