ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٩٨. سبەینانێ وتم ئەی نازەنین و شاھی لێوئاڵان
سبەینانێ وتم: ئەی نازەنین و شاھی لێوئاڵان
گوناھێکی نەبوو دڵ، داوی زولفانت لە پێ ئاڵان
ھەزار ئیفتادە لەو مەیدانە وریا بوونەوە وتیان:
ئەمە شوێنی کەڕ و لاڵانە نەک بێ عەقڵ و منداڵان
ھەموو زامار و خامۆشین، ھەموو ھوشیار و سڕ پۆشین
وەگەر نە شوبھی کوێری بێ، عەسا ئەڕمییە نێو چاڵان
ئەگەر تۆ شێخی بەرماڵی، بە ئێمە ناکرێی حاڵی
گەلێ کەس ھات و تاوی دا و زینی ئەسپی داماڵان
ئەگەر خۆ تۆ خوداناسی، وەکوو ماسی کەڕ و کاسی
وە ئیللا وەک سەگی پاسی، چییە ناڵان و دەرماڵان
بە ڕەنگ و ڕیش دەروێشی، بە خوڵق و خوو بەدئەندێشی
عەجەب ئەسپێکی سەرکێشی، خودا بتخاتە ژێر پاڵان
گەلێ کەس سابیری لەم ئاستانی یارە ھات و چوو
بە ھێواشی و بێ دەنگی ئەگریان و ئەیانناڵان
ھەموو کەس سابیری لەم ئاستانە بەھرەوەر نابێ
مەگەر بێ دەنگ و خامۆشان و ڕووت و بێ سەروماڵان

پەراوێز edit