شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان بە دەستوورێ کە مردوو بێ پدەریان کە چاوم کەوتە شین و باوکەڕۆیان دڵ و جەرگم لە تاوا بوونە بریان ئەگەرچی دڵڕەق و غەرقی گوناھم منیش بوومە شەریکی دەردەسەریان لەپاش ئەم شیوەن و گریانە پرسیم کە چی بوو باعیسی دەرد و کەدەریان جەوابیان دا بە دەنگی نەرم و مەحزوون لەبەر ئازار و سووتاوی جگەریان برادەر تەعزییەی شێخ و مەلایە لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان کە ئەھلی دین نەماوە ئەھلی دونیا ھەموو دوورن لە ئەمری پێغەمبەریان چرا بکوژێتەوە تاریکە دونیا پدەر مرد و ھەتیو ما ڕووت و عوریان ئیتر بێ حورمەتی شێخ و مەلایە خوسووسەن عالیمی مێزەربەسەریان ئەوان بوون قەدری شەرع و دین بزانن نەمان و شەرع و دینمان قوڕ بە سەریان موسوڵمانی ئەمێستا ئیسم و ڕەسمە پەرێشانن بە خزمەت گا و کەریان پەنا بە خوا لە شەڕی ئەم زەمانە زوبان بگرن نەبن تووشی زەرەریان لە ئەبنائی زەمان دڵ ھەڵئەشێوێ نەزیک و دوور حەزەریان تا سەفەریان بە شەربە و شۆربا ڕازی بە سابیر بەشەر با بێنە شەڕ دووری لە شەڕیان ++++++++++++++++++++++