ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٨٦. خودا ھاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم
خودا ھاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم؟
شەرارەی ئاگری دووری لە سینەم ھەڵگڕا چی بکەم؟
لەبەر دەرد و غەمی یارم نەخۆش و خانە بێزارم
وەکوو مەجنوون دڵم بۆ چۆڵ و سەحرا ھەڵخڕا چی بکەم؟
خودا ڕۆژی ئەجەل گریان و قوڕ پێوانی پێ بەخشیم
بە ئەمری حەق وجوودم ھەڵنەکێشم لە قوڕا چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەجەل بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی
ھەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
قسەی بێ فائیدە و بێ جێ، زەروورەت پێم نەکا نایکەم
ئەگەر گریە و فوغان ناکەم کە ئارامم بڕا چی بکەم؟
ھەموو عالەم بە بەرگی جەژنەوە سەرمەست و خۆشحاڵە
ئەگەر قانع نەبم سابیر لە نێو بەرگی شڕا چی بکەم؟
نەگەییە دامەنی حوسنی ھەناسەی سابیری یاران
لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟

پەراوێز edit