شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: خودا ھاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم خودا ھاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم؟ شەرارەی ئاگری دووری لە سینەم ھەڵگڕا چی بکەم؟ لەبەر دەرد و غەمی یارم نەخۆش و خانە بێزارم وەکوو مەجنوون دڵم بۆ چۆڵ و سەحرا ھەڵخڕا چی بکەم؟ خودا ڕۆژی ئەجەل گریان و قوڕ پێوانی پێ بەخشیم بە ئەمری حەق وجوودم ھەڵنەکێشم لە قوڕا چی بکەم؟ قەڵەم ڕۆژی ئەجەل بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی ھەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟ قسەی بێ فائیدە و بێ جێ، زەروورەت پێم نەکا نایکەم ئەگەر گریە و فوغان ناکەم کە ئارامم بڕا چی بکەم؟ ھەموو عالەم بە بەرگی جەژنەوە سەرمەست و خۆشحاڵە ئەگەر قانع نەبم سابیر لە نێو بەرگی شڕا چی بکەم؟ نەگەییە دامەنی حوسنی ھەناسەی سابیری یاران لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟ ++++++++++++++++++++++