ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٨٤. بە چاوی مەست و بیماری نەخۆشم
بە چاوی مەست و بیماری نەخۆشم
نەماوە ئیختیار و عەقڵ و ھۆشم
بەزاھیر گەرچی مسکین و فەقیرم
لە باتیندا دوڕ و گەوھەر فرۆشم
دووڕ و مەرجان چییە؟ یەعنی دڵ و جان
بە چاوی تۆ لە چاو ئەڕژێتە کۆشم
ئەگەر تۆ موشتەری مەرجان و دوڕ بی
بە گیانی تۆ وەرە ھەرزان فرۆشم
ئەگەرچی عاجز و بێ دەستەڵاتم
بە جان و دڵ بەقوربان تێدەکۆشم
ھەتاکوو تۆ نەیەی تەسکینی نایێ
بە ڕۆژ و شەو دەمێکە غەم دەنۆشم
گەلێ ناڵاندم و سوودی نەبەخشی
لەمەولا سابیر و مات و خەمۆشم

پەراوێز edit