ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٨٢. وڵات و شار و دێھاتی دڵ ئەمساڵ
وڵات و شار و دێھاتی دڵ ئەمساڵ
پەڵەی داوە بە بێ مانەند و ئەمسال
بە پاچ و بێڵی تەقوا و ڕیازەت
موبەڕڕا بوو لە دڕک و داڵی ئەوباڵ
موھەڕڕایە بە جووتی زوھد و تەقوا
بە سی گاسن نرایە باغی شمشاڵ
مەلائیک سەف بە سەف بۆ باغەوانی
کە ئاموشۆ ئەکەن پەیوەستە خۆشحاڵ
مەجالی تەنگ و باری سەنگ و بێ ڕەنگ
شەیاتین ھەر ھەموو ماندووە بێ حاڵ
خەیاڵی خام ئەکەی کورتەک ئەکەی نەقد
خەیاڵی خام مەکە ئەی شێخی بەرماڵ
لە بۆتەی نار و ئازاری جەھەننەم
بترسە خەڵقی تێدا بۆتە زووخاڵ
بە پاچی زیکر و خاری ماسوىٰ الله
وشک برژاو و سووتا شوبھی زوخال
مەلائیک ھاتووە دەیکاتە زەرعات
کە بیبینێ دەبێ حەیران و خۆشحاڵ
مەتاعی چاکە مەقبووڵ و بەقیمەت
کە لائیق پادشا بێ ئەی کەسی خاڵ
لە بۆتەی یار سابیر پڕ حەزەر بە
بە ملیۆن خەڵکی تێدا بۆتە زووخاڵ

پەراوێز edit