تا غوباری ڕێگەکەی دێنم بەچاوا بۆ شەرەف
چاوەکەم بێ مەیل و دڵ کەیلە لە ئازار و ئەسەف
شەو کە سوڵتانی خەیاڵی حەملە دێنێ سەبری دڵ
نایەڵێ مانەندی حوزن و دەنگی چەنگ و نای و دەف
چەرخی کۆنە پیری کردم تازە ئیکڕامم ئەکا
ساقی و مەی، موتریب و چەنگ و ڕوباب و نای و دەف
تا جەوان بووم پیرە دونیا کامەرانیی پێم نەدا
پیری کردم تازە بۆچی حەسرەت و ئاخ و ئەسەف؟
دولبەرا لەم خانەیی خەوف و ڕەجادا تا بە کەی؟
چاو و ئەبرۆ ئەم دەڵێ أين المَفَر ئەو لا تَخَف
لەو برۆ کەچ کردن و لێو گەستنە ڕۆحم چووە
باقلم کەوتە دڵی وەک بەردی ڕوخساری كلف
من کە لەو چاوانە دیتم ئایەتی أين المَفَر
نابیەم سەدجار بڵێ ئەبرۆت تعال و لاتخف
سابیری سەبری نەما وەک توشنەگانی کەربەلا
لازمە وا بێ سولالەی تاھیرەی شاھی نەجەف