پیری کردم دەرد و زامی عەشقی جانان ئەی دەریغ
تووشی من بوو داستانی پیری کەنعان ئەی دەریغ
مەحرەمێ دەست ناکەوێ شەرحی غەمی دڵ بالتمام
پێی بڵێم بەڵکوو دەواکا دەردی ھیجران، ئەی دەریغ
بولبول و گوڵ، شەمع و پەروانە ھەموویان پێکەوەن
من وەکوو یووسف بەتەنھا حەپسی زیندان ئەی دەریغ
دڵ بەدووتا ھات و چاودێری کە یا بینێرەوە
با نەفەوتێ میحنەتی کێشاوە بۆمان ئەی دەریغ
داد و فەریادم لەلای ئەو شۆخە تەئسیری نییە
گەرچی فرمێسکم جیھانی کردە تۆفان ئەی دەریغ
تابەکەی قوربان بناڵێنم لەناو بەیتولحەزەن؟
بۆنی جامەی تۆ نەھات بۆ نووری چاوان ئەی دەریغ
مەحرەمێ دەس ناکەوێ ئازاری دەردی پێ بڵێم
ڕۆژ و شەو یار و حەکیمم بۆتە گریان ئەی دەریغ
ئەم ھەموو گریانە یا ڕەب بۆچی تەئسیری نەکرد
شیوەنم مانەندی تۆفان خەڵکی شێوان ئەی دەریغ
'سابیری' لا تقنطوا موژدەی تەواوی دا بە تۆ
حەیفە قەلبت موتمەئین نابێ بە قورئان ئەی دەریغ!
بووعەلی سینا لە سۆز و ئاھی سینەم عاجزە
لەم برینی بێ دەوا حەیرانە لوقمان ئەی دەریغ
تیببی جالینووس و لوقمان و ئەرەستوو موشکیلە
تێبگەن لەم عیللەتە یا خود لە دەرمان ئەی دەریغ
چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تاقەتم چووبوو نەھات
بەڵکوو بێنە قالبی مردوو دڵ و جان ئەی دەریغ
سابیری ھەر چاوەڕێی جەژنی ویسالی دولبەرە
کاشکێ ڕۆژێ دەبوومە قۆچی قوربان ئەی دەریغ