خۆر ڕەنگی نییە عاجیز و داماوە لە کێوا
ئەڵبەت قەمەری ڕوومەتی تۆی دیوە لە شێوا
لاسوورە مەگەر ڕوومەتی تۆی دیوە لە شەرما
ڕووزەردە وەلی ناسک و نایابە لە سێوا
حەددی چییە نەوغونچەیی گوڵ لێوی دەبزوێ
لەو باغە کە تۆ زەردەخەنە دێنییە لێوا؟
بیستوومە زەدەی گورزی دەسی ڕۆستەمی ئەشقت
بێباکە لە نێو جینن و بەنی ئادەم و دێوا
ناحەق نییە سابیر بەخودا وا خەرەفاوە
کێ بێ قەمەری تەلعەتی تۆی دیبێ نەشێوا؟