دڵ بە ئوممیدە کە شا بێ شانشین خاڵی دەکا
مامەڵەی فەرشی حەریر و ئارەزووی خاڵی دەکا
باوەڕم نایە مەزەننە، خۆی دڵی خۆی خۆش ئەکا
کوێر و کەڕ کەی تەرجومانی حەزرەتی واڵی دەکا؟
جاھیلی ئەبتەر وەسییەت بێ عەقیدەی پێ مەکەن
سەبر ئەگەر بیخەیتە ناو ھەنگوینەوە تاڵی دەکا
گەرچی ئەمڕۆ مەرتەبەی ناکەس بڵند و کەس نەوی
کیزبی مەحزە گەر بڵێن عەللامە حەمماڵی دەکا
گەرچی مشکی و خامەک و ئەتڵەس ھەمووی کاری دەسە
کوێری مادەرزادە کەی خورج و بەڕە و خاڵی دەکا؟
ھەمنشینی وشکەسۆفی قەت مەکەن نەفعی نییە
گەرچی دایم بەحسی شێعری مەولەوی و ناڵی دەکا
سابیری وریا بە ئەبنائی زەمان نزدیکە لێت
نەک بڵێن ناشی سوارە ڕوو لە جێی چاڵی دەکا
سابیرا تۆ چیت بەسەر دوونپەروەری دەورانەوە
گوێدرێژی خۆیەتی حەز کا بە گوێ ناڵی بکا