ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٨. دڵ نەخۆشە ئینتیزاری ھاتنی دڵدار ئەکا
دڵ نەخۆشە ئینتیزاری ھاتنی دڵدار ئەکا
مەیلی سەیری میوەھات و سێبەری گوڵزار ئەکا
ڕەببەنا سا تۆ حەکیمی حازیقی چاری بکەی
وەرنە دەرمان و دوعای بێچارەکان کەی کار ئەکا؟
خۆشە سووتانم بە شەمعی ڕوومەتی پەروانەوار
چونکە سفتەم دەفعی لەککەی ئایەنەی دڵدار ئەکا
چاوی بیماری دڵاڕامم مەگەر ڕەحمێ بکات
وەرنە دەردم سەد چوو لوقمانی حەکیم بێزار ئەکا
تا ئەدیبی چاوی، دەرسی سەبر و حیلمی پێ وتم
دڵ لەبەر ئەو چاوە تەحمیلی ھەزار ئازار ئەکا
یا خودا ئەم دەردە تووشی دوژمنانیشم نەبێ
چونکە تەئیسری لە دونیا و قیامەت کار ئەکا
ئەی موسوڵمانینە جەللادێکە مانەندی نییە
ھەر بە یەک دەم سەت ھەزار ئەکوژێت و زوو ئینکار ئەکا
ئەڵبەتە خاکستەری پێ لازمە بۆ ئاوێنە
بۆیە ئەو دڵدارە بۆ سووتاندنم ئیسرار ئەکا
تورفەتولعەینێ بە ناحەق سەد برینم لێ ئەکا
تیرەکەی ئاخر لە ئەووەڵ دەفعە چاتر کار ئەکا
دڵ ھەزار ئازاری بینی یەعنی چی خۆشحاڵە پێی
یار ئەبێ چی بیستبێ یا ڕەب کە خۆی بێزار ئەکا
تا لەکن دوختوری چاوی دڵ وەسیقەی وەرنەگرت
سەربەخۆ کەی عەزمی میوەی گوڵشەن و گوڵزار ئەکا؟
سابیری ئەلحەمدوللیلا یار وەسیقەی داوە پێی
سەربەخۆ ھەر ئەمسەر و ئەوسەر لە نێو گوڵزار ئەکا
سابیری بێ ئاردە باراشی خەمی ناکاتە ئاش
شەو وەکوو عارەب بە بیللاھیلکەریم دەستاڕ ئەکا

پەراوێز edit