بەس بکە مەیلی جیھانداری لە دونیای بێ وەفا
نایەنێ ئەم قیمەتە کەم بۆی بخۆ جەور و جەفا
ساعەتێ فکری قیامەت کە کە سبحەینێ ئەڕۆی
چی ئەکەی؟ جوابت چیە؟ تۆ چی ئەڵێی لەو ڕۆژەدا؟
تاوەکوو ماوی لە دونیادا بکە ئیحسانی خۆت
گەر نەکەی مەسئوول دەبی کێی دی جەوابی تۆ ئەدا
ڕێگەکەت دوورە، عەجەب بێباکی، چۆن پێیدا ئەڕۆی
بەم شەوە تاریکە بێ تووشە و دەلیل و بێ چرا؟
ڕوو لە قاپی حەزرەتی مەولا کە نەجمەددین ئەتۆ
ڕۆح و ماڵت سەرفی ئەو کە، بەڵکوو دەسگیریت بکا