ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٤٤. یاری کەس نابێ بە یارم حبذا یاری لەزیز
یاری کەس نابێ بە یارم حبذا یاری لەزیز
غیبتەبەخشای حۆریانە ڕەنگ و ڕوخساری لەزیز
دولبەری عیشوەفرۆش و میھرەبان و دڵفەریب
غەمزە و ناز و ئیشارە و چاوی بیماری لەزیز
گوڵعوزارە قامەتی شمشادە ئەندامی بلوور
دست و پەنجەی نازک و کردار و ڕەفتاری لەزیز
تەلعەتی دارالشفایە چاوی بیماری حەکیم
حەببی ئەمساڵیشی وەک مەعجوونەکەی پاری لەزیز
نیوەشەو بوو، چاو لەخەو بوو، لەب بە تەرم و تارەوە
حبذا تۆران و عاجزبوون و ئازاری لەزیز
گوڵشەنی حوسنی شیفابەخشی نەخۆشی بێ دەوا
ئەی خودا حیفزی بکەی یاری وەفاداری لەزیز
سابیری خۆشی لەخۆت ئەمشەو حەکیمت ھاتەسەر
سەر لەبەر پێی دابنێ ئەتوار و ئەفکاری لەزیز
سابیری وەسڵ و فیراق و جەور و لوتف و خار و گوڵ
تۆ ھەمووی یەکسان بزانە جەور و ئازاری لەزیز!

پەراوێز edit