بیحەمدیللا بە نووری تەلعەتی یار
کە ڕوون و شادە چاو و دڵ بە یەکجار
بە حەملەی عەشقی جانان ماسوى الله
لە شاری دڵ نەما لا ريب ديار
نەسیمی جەننەتی حوسنی دڵارام
کە پەیدا بوو بڵێ چی میشکی تاتار
ئەگەر ڕۆژێ بنووسم سەد سەحیفە
ھەتا ڕۆژی قیامەت وەسفی دڵدار
تەواو نابێ وەلی با موختەسەر بێ
ڕەوشتی چاک و پاکە کەتمی ئەسرار
قسەی بێ سەرفە ناکەم باوەڕت بێ
بە پارەی قەڵبەوە ناچم بۆ بازاڕ
نکووکاری لە بەدکاران مەحاڵە
بەدی ناکاتە خوو مەردی نکووکار
دەمێکە سابیری ھەر چاوەڕێ بوو
شەوێ بیستی خشەی داوێنەکەی یار