تا بخوێنێ چاوی بازت ئایەتی اين المفر
کۆتری دڵ لای نەما وەڵڵا حەیاتی موستەقەڕ
تۆ لە سوورەی زولزیلەت تێفکرە من يعمل چیە
بۆچی ئازارم ئەدەی؟ سووچم نییە میسقالە زەڕ
ڕۆژ و شەو خورشید و مەە لاف و گەزافی زۆر ئەکەن
فەرموو فەرموو با بکەن ھەریەک بە لایەک کەڕڕ و فەڕ
خۆ ئەزانی وا ھەژارم، دەستەڵاتیشم نییە
پێم بڵێ وەجھی چییە چاوت ئەکا ئیعلانی شەڕ؟
تا ڕمووزی مەسحەفی حوسنی لە عالەم بوو عەیان
ئەھلی دونیا جوملە مەجڕووڕن بەوی، ئەو حەرفی جەڕ
تۆ کە دەرکەوتی ئەزانی چی بە سەردی مەردومان
خۆرھەڵات تێفکرە حاڵی شەونم و میسقاڵە زەڕ
خۆت ئەزانی بێ گوناھ ئازاری خەڵکی چا نییە
پێم بڵێ ئەی تۆ لەسەر چی وا لەگەڵ من دێیتە شەڕ؟
ئەی بە نووری حوسنی پاکت شەرق و غەرب و بەحر و بەڕ
ڕوون و داگیرساوە ئەرز و ئاسمان و وشک و تەڕ
بازی چاوت پووری دڵمی دی وتی: اين المفر
لێی جودا بوو پووری بێچارە حەیاتی موستەقەڕ
ئەی لەبەر ئەو جووتە چاوی مەست و بیمارەت مرم
قاتیلانی بێ دڵان و مائیلانی شوور و شەڕ
گەر ڕمووزی مەسحەفی حوسنت تەواوی تێبگا
عالمی عالەم ھەموو مەجروور ئەکا وەک حەرفی جەڕ
ئەی کەوان ئەبرۆ لەبەر چی تیرەبارانم ئەکەی؟
چاوی تۆ خۆش سابیری نەیما حەیاتی موستەقەڕ
ليس للانسان الا ما سعىٰ ئەمما چ سوود
دولبەرم شابازە سابیر کۆترەکەی بێ باڵ و پەڕ