نامیزاج و بێ دەوا خۆم، دڵحەزین و ناموراد
تابیعی نەفس و ھەوا خۆم گەنجی عومرم دا بە باد
غافڵ و غەرقی گوناھم، عاسی و نامە سیاھم
ڕووڕەشی دیوانی شاھم، عاجیزی یەومولتەناد
گورگی نەفسم خستە ناو ئەغنامی عومری خۆمەوە
ڕەنجەڕۆ خۆم وا بەجارێ عومری گەنجیم دا بە باد
مووشی نەفس و گەنمی ئەعمال و کوردی دۆنەدیو
عارەب و حەڵوادز و جەردە و خەراپیی و فەساد
نەفسی بەدخوو دائیمەن ھەر پێت ئەڵێ بێنە و بخۆ
چەور و شیرین و تورش، ئەنواعی ئاش و نان و زاد
نە لە قەھری حەق بترسە نە لە گورز و شەق بپرسە
من نەوا بمرم لە برسا، عەیبە بۆ مەردی جەواد
یاخودا دینم قەوی کەی، نەفس نابوود و نەوی کەی
نەفس وەک مێشوولە وا بێتاعەتم مانەندی باد
سابیری نەفسی خەبیس و دزدەستەکی شەیتانی پیس
ڕێوییە گەر تۆ بە شیری صوم بۆی دێیە جیھاد
شیری پیری بەردە بۆ سەر نەفسی ڕێوی سابیری
گەر تۆ سەییادی بزانە ھەم شیکار و ھەم جیھاد!