ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٤١. عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد
عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد
دائیمەن وێردی زوبانی بۆتە ئایەی ان يكاد
لەرزی پیری عوودی سیواکی لە دەس بەردامەوە
تازە چەرخی بێ وەفا بۆم زین ئەکا ئەسپی موراد
نامورادی پیری کردم موختەسەر لێم ناگەڕێ
کامەکامەم پێ دەکا دونیا خودا ھاوار و داد
عومری گەنجیمان بە غوسسە و نامورادی بردەسەر
وا لە پیری ھاتەدەس سەرڕشتەیی کار و موراد
باوەکوژمان کردە باب و باوەژنمان کردە داک
گەنجی عومر و حاسیلاتی ڕەنجی خۆمان دا بە باد
یا ئیلاھی، خۆشەویستم ماری نەفسی نەیگەزی
چونکە تریاکی نییە ئەو زەھرە تا يوم التناد
کردەوەی ناپوختە گشتی بۆ تەعامی پوختەیە
ڕۆژ ژیانت خوویی حەیوان، شەو بە خەوتن وەک جەماد
زیکر و فیکری ئەھلی دونیا نان و ئاشە سابیری
یەعنی چی؟ خۆ دوشمنیشیانە لە ئەسڵا نان و زاد
لەم نەخۆشی بێ دەوایە، دادڕەس سابیر خودایە
ھیممەتێکە پایە پایە، بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد
سابیری عومرت بە زایع دا ئیتر وریابەوە
عومری ڕابردوو قەزاکە بێرە سەر ڕێگەی ڕەشاد
سابیری دنیا لە تۆ بێزارە ئەمما مەیلی تۆ
ھەر لەسەر ئەو ماوە بۆیە ناگرێ ڕێگەی ڕەشاد

پەراوێز edit