تا بە کەی قوربان لە دووریی تۆ بکەم فەریاد و داد؟
تەن نەخۆش و بێ حەکیم و دڵ حەزین و ناموراد
یا خودا ئەم دەردە بێ دەرمانە تووشی کەس نەبێ
دوشمنانیشم نەکەی وا موبتەلا ربُ العِباد
دەردەدار و بێ دەوا، خۆم تابیعی نەفس و ھەوا خۆم
موستەحەققم بێ کەوا، خۆم کردە جەوتی بەد نەژاد
چوو بەزایە گەنجی عومرم، لەم مەراقە چاکە بمرم
ڕۆژ ئەڵێی سەرخۆشی خەمرم، شەو لە خەودا وەک جەماد
ئاخ لەدەس نەفسی لەئیمە تابیعی دێوی ڕەجیمە
لائیقی ناری جەحیمە تابیعی فیسق و فەساد
نەفسی ئەممارە ھەمیشە خواردنی لێ بۆتە پیشە
پێم ئەڵێی قەت دامەنیشە بۆم پەیاکە نان و زاد
بۆم پەیاکە چای و شەکرە، ماڵی زەید و عەمر و بەکرە
ھێندە حەییال و بە مەکرە، ئابڕوومی دا بە باد
چاو قبووڵیم بۆ پەیاکە تەرکی ئیمان و حەیاکە
ڕوو لە جەردەی پادشاکە بێنە ھەرچی باد باد!
بێنە قاورمە بەچەوری، پڕ پیاز و پڕ بە دەوری
نانی گەنم بێ لە دەوری، گەرم و نەرم و بێ ڕەماد
ماڵ و عومرم چوو بەزایە، باعیسی نەفس و ھەوایە
یاخودا سا پایە پایە بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد
سابیری پیری و فەقیری گەرچی نەقسن بۆ موجاھید
بۆ شکاری نەفسی ڕێوی جووتە شێرن بۆ جەھاد!