جزاك الله کە تۆ ھاتی بکەی سەردانی بیمارت
شیفات ھێناوە یەعنی میوەھاتی ڕووی گوڵزارت
بە نووری حوسنی تۆ شەمس و قەمەر بێ نوور و حەیرانن
غەزال و لەعل و گەوھەر، سێ لە چاو و لێو و ڕەفتارت
لە ترسی بازی چاوت پووری دڵ چاری نەما جانا
ئەمێستاکە پەناھی داوەتە جەنناتی ڕوخسارت
ئەتیببا دەردی دڵ موشکیل ئەزانن، سەھل و ئاسانە
بە ئەوراقی گوڵی حوسنت، بە لێوانی شەکەربارت
سەڵا لەو ڕۆژە تەشریفت بچێتە سەر نەخۆشانت
وەکوو زەڕڕە لە دەورت ڕەقس ئەکەن سووتاوی دیدارت
تەماشا کە لە ئاوێنە دیارە چارەیی دەردم... .
ئەگەرچی پێم ئەڵێن خەڵکی بە لوقمان ناکرێ چارت
بفەرموو با نەچم بێ تووشە بۆ سەحرایی بێ پایان
وە ئیللا خۆت ئەزاتی ئەبمە مایەی ڕەنج و ئازارت
بە قوربان نەوبەتی ئینسافە عومرێکە تەمەننامە
ئیتر وەعدە وەفا کە با نەبم مەحروومی دیدارت
عیلاجی زوعفی قەلبم مەیل ئەفەرمووی سەھل و ئاسانە
بە ئەوڕاقی گوڵی حوسنت بە لێوانی شەکەربارت
دوعا ناگاتە گوێ و دەستی کەس، ناگاتە دامانی
چ عالی قەدرە یا ڕەب بێ بەڵا بێ سابیری یارت