شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: جزاك الله کە تۆ ھاتی بکەی سەردانی بیمارت جزاك الله کە تۆ ھاتی بکەی سەردانی بیمارت شیفات ھێناوە یەعنی میوەھاتی ڕووی گوڵزارت بە نووری حوسنی تۆ شەمس و قەمەر بێ نوور و حەیرانن غەزال و لەعل و گەوھەر، سێ لە چاو و لێو و ڕەفتارت لە ترسی بازی چاوت پووری دڵ چاری نەما جانا ئەمێستاکە پەناھی داوەتە جەنناتی ڕوخسارت ئەتیببا دەردی دڵ موشکیل ئەزانن، سەھل و ئاسانە بە ئەوراقی گوڵی حوسنت، بە لێوانی شەکەربارت سەڵا لەو ڕۆژە تەشریفت بچێتە سەر نەخۆشانت وەکوو زەڕڕە لە دەورت ڕەقس ئەکەن سووتاوی دیدارت تەماشا کە لە ئاوێنە دیارە چارەیی دەردم... . ئەگەرچی پێم ئەڵێن خەڵکی بە لوقمان ناکرێ چارت بفەرموو با نەچم بێ تووشە بۆ سەحرایی بێ پایان وە ئیللا خۆت ئەزاتی ئەبمە مایەی ڕەنج و ئازارت بە قوربان نەوبەتی ئینسافە عومرێکە تەمەننامە ئیتر وەعدە وەفا کە با نەبم مەحروومی دیدارت عیلاجی زوعفی قەلبم مەیل ئەفەرمووی سەھل و ئاسانە بە ئەوڕاقی گوڵی حوسنت بە لێوانی شەکەربارت دوعا ناگاتە گوێ و دەستی کەس، ناگاتە دامانی چ عالی قەدرە یا ڕەب بێ بەڵا بێ سابیری یارت ++++++++++++++++++++++