ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٢٦. موددەتێکە شەو ئەناڵێنم لەژێر پاسارەکەت
موددەتێکە شەو ئەناڵێنم لەژێر پاسارەکەت
خۆت نەکردە خاوەنی خەستەی لە گیان بێزارەکەت
وا لە چاوم جارییە فرمێسکی خەم باوەڕ بکە
ڕێ نەما خێڵی خەیاڵت بێتە لای بیمارەکەت
تا خیاڵت پادشاھی شاری دڵ بێ موشکیلە
قاسیدی خەو ڕوو بکاتە چاوی خزمەتکارەکەت
ھاژەھاژی سەیلی چاوم پڕ بە عالەم مەوج ئەدا
قەتریێ نایێتە بەر چاوت لە سەختی قارەکەت
تا نەھاتم بۆ نەھاتی؟ تاکو تەبیین بێ بەھات
تازە ھاتی ھاتنت ھەیھاتە بۆ غەمبارەکەت
حەسرەتا ڕۆژێ نەھاتیتە سەرینم پێم بڵێی:
ئەی غەریبی شارەکەم چۆنی لەگەڵ ئازارەکەت؟
سەبرە چارەی دەردی دووری، زیکرە دەرمانی گوناھ
زوو دەگاتێ حاسڵاتی سەبر و ئیستیغفارەکەت
سابیری وریابە خۆ ئەو شۆخە وەعدەی دا بە تۆ
بەک ھەمیسان ڕەنجەڕۆ بی، دەردی ساڵی پارەکەت

پەراوێز edit