ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٢٤. تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت
تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت
پێم خۆشە کە بێگانە نەزانێ بە فەراسەت
سەد جار کە بە ڕووی ترش و قسەی سەردێ دەرم کەی
ھەر دێمەوە وەک مێشێ بە ھەنگوینی ھەناسەت
ھەرچەند کە لەبەر قاپییەکەت خوار و زەلیلم
نایدەم بە ھەموو ڕوتبەیی شاھان و ڕیئاسەت
بڕوانە زەوی، سینە ھەموو نەخلی ئومیدە
بێ حاسڵە ڕۆژێ نەبووە جێگە پیاسەت
ناکاو دەسی نایە سەر چاوم و یەعنی
من کێم و ئەزانم بە دەسی نەرم و ھەناسەت
عومرێکە گلاراومە شەو تاکوو بەیانی
خاوم بزڕێنێ بە زڕەی تاس و ھەیاسەت
دوا گیانمە ئاخر نەفەسە و تۆ بی و مەولات
دەم بێنە دەمم بیکەمە قوربانی ھەناسەت
عومرێکە لیباسی غەمی دووریتە لەبەرما
گۆڕین و دڕینی نییە ئەم کۆنە کراسەت
سینەم بە سروشک ئاوڕشین کرد و نەھاتی
فەرموو کەڕەتێ، فێنکە بۆ جێگە پیاسەت
کەوتوومە لەبەر قاپییەکەی تۆ کەڕ و کاسم
جارێ گوزەرێ ناخەیە سەر ئەم کەڕ و کاسەت
خەڵکی گەنمی دوورییەوە جۆ چووە خەرمان
تۆ ھەر لە پەرێز مایتەوە تف و لەو دەس و داسەت
ھەر دێتەوە سوێ زامی دڵی سابیری قوربان
ئارام و سەبووری نییە سووتاوە لە تاسەت
حەسرەت لە دڵم ما کە شەوێ بێی و لە خەودا
سابیر بەخەبەر بێ لە زڕەی تاس و ھەیاسەت

پەراوێز edit